Friday, 19 July 2013

ووتاره‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی و چه‌ند سه‌رنجێک


مه‌هدی مڕاد
خه‌ڵکی خۆشه‌ویستی کوردستان پێویسته‌چی تر به‌قسه‌ی چه‌ور و چۆڵ
 هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن. سه‌رۆک بارزانی به‌شی خۆی، بگره‌ زۆر زۆر زیاتریش له‌وه‌ی که‌ شایه‌نی بوو، له‌ سه‌ر ئه‌و کورسیه‌ دانیشت که‌ که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا بۆ جارێکی تر به‌رگی کورسیه‌که‌ی نوێ کرده‌وه‌و جێگای دانیشته‌که‌ی خۆشتر کرد. ڕاسته‌ له‌ وتاره‌که‌یدا به‌ڕێز کاک مه‌سعود وانیشان ئه‌دات که ‌ به‌نیازنی یه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات وه‌ک سه‌رۆکی کوردستان بمێنێته‌وه‌ و ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م تاوه‌ک و بارودۆخی په‌رله‌مان و کوردستان له‌بارتر ئه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام زۆر ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌مه‌ سیناریۆیه‌کی ده‌سه‌ڵاته‌ و به‌لایه‌نی  که‌مه‌وه‌ تا دوو ساڵی تر بارزانی ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌که‌ی نابێت

ئێستا با به‌ کورتی چاو بخشێنینه‌وه‌ به‌ به‌شێک له‌ وته‌کانی 'سه‌رۆک بارزانی دا' و که‌م تاکورتێک ڕاستی و دروستی به‌شێک له‌ ووته‌کانی ده‌ربخه‌ین. له‌ به‌شی زۆری وته‌کانی  'سه‌رۆک بارزانی دا' واده‌ر ئه‌که‌وت که‌ تاکه‌ رزگارکه‌ری کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان ته‌نها  'سه‌رۆک بارزانی ' و بنه‌ماڵه‌که‌ی بووه‌ و که‌سی تر جگه‌ له‌ خۆیی و بنه‌ماڵه‌که‌ی پشکی له‌ ئازاد کردنی کورد و کوردستان دا نه‌بووه‌۰ به‌ڕاستی جێگه‌ی داخه‌ که‌ سه‌رۆکێک خوێن و خه‌باتی سه‌دان هه‌زار شۆرشگێڕ له‌ بیر بکات و بڵێت نه‌خێر به‌س خۆم بووم! به‌ڵی پێشمه‌رگه‌بویت و ماوه‌یه‌ک له‌ شاخ بویت، به‌ڵام خۆ به‌ ته‌نها نه‌بویت له‌ شاخ. به‌هه‌زاران خه‌ ڵکی شۆڕشگێڕی ئه‌م ووڵاته‌ و باوک و باپیرانمان له‌ شاخ بون و بگره‌ زۆر زۆر له‌ به‌ڕێزتان زیاتر خه‌باتیان کرد، ئیتر بۆچی ئه‌مڕۆ خۆت کردووه‌ به‌ خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ی باوک و باپیرانمان و خه‌ڵکی خه‌بات گێڕی کوردستان و ئه‌یکه‌یته‌ منه‌ت به‌سه‌رمانه‌وه و به‌ پاره‌یه‌کی گرانبه‌ها پێمانی ئه‌فرۆشیته‌وه‌؟
سه‌رۆک له‌ به‌شێکی تری وتاره‌که‌یدا به‌سی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ و کاته‌وه‌ که‌ وه‌ک سه‌رۆکی کوردستان ده‌ستبه‌کاربووه‌، ته‌نها له‌ خزمه‌تی گه‌له‌که‌یدا بووه‌ و هیچ کات بیری له‌وه‌ نه‌کردووه‌ته‌وه‌ که‌ پۆسته‌که‌ی بۆ مه‌به‌ستی که‌سی و خزمه‌تکردنی پارته‌که‌ی به‌کاربهێنیت. به‌ڕاستی سه‌رۆک به‌شێوه‌یه‌ک قسه‌ی کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌س هه‌ست به‌ ڕاستیه‌کان نه‌کات و که‌س نازانی چی له‌م هه‌رێمه‌دا ڕوئه‌دات! به‌ڕێز سه‌رۆک بارزانی، من باسی پاره‌وسامانی کوردستان ناکه‌م که‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌تدا له‌ ژێر ده‌ستتدا بووه‌ چونکه‌ ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ت و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو داهات و سامانه‌ی کوردستان به‌دڵسۆزی و له‌لایه‌ن که‌سێکی دڵسۆزه‌وه‌ به‌کارهاتبا، کوردستان له‌ بارێکی زۆر سه‌رکه‌وتووتردا ده‌بوو له‌هه‌موو ڕوانگه‌کانه‌وه‌. هه‌موومان به‌چاوی سه‌رمان درک به‌وه‌ ئه‌که‌ین که‌ ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی که‌ کوردستان به‌خۆیه‌وه‌ بینیویه‌تی به‌ به‌راورد به‌و هه‌موو پاره‌و سامانه‌ی که‌ دزراوه‌و بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی به‌کارهاتووه‌ به‌ هیچ جۆرێک به‌راورد ناکرێت. به‌واتایه‌کی تر، به‌شێکی که‌می داهاتی کوردستان بۆ خزمه‌تی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی به‌کارهاتووه‌ به‌شه‌ زۆره‌که‌ی دزراوه‌و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و تایبه‌تی به‌کارهاتووه‌. له‌م هه‌موو ساڵه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌یدا که‌ به‌ تریلیۆن پاره‌و پوڵی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی کوردستانی له‌به‌رده‌ستدا بووه، که‌ چی ئه‌مه‌یه‌ حاڵی کوردستان و خه‌ڵکه‌ خه‌بات کاره‌که‌ی!به‌ڕێزان من هه‌رگیز ناڵێم که‌ کوردستان پێشکه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌. به‌ڵێ کوردستان پێشکه‌وتووه‌ و گۆڕانکاری زۆریشی به‌سه‌ردا هاتووه‌,به‌ڵام له‌ ئیوه‌ی به‌ڕێز ئه‌پرسم ئه‌م هه‌موو پاره‌و سامانه‌ی که‌ کوردستان هه‌یبووه‌ و به‌ڕێز سه‌رۆک بارزانی و داروده‌سته‌که‌ی له‌به‌ر ده‌ستیا بووه‌ ئه‌گه‌ر به‌راورد بکرێت به‌ و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ بۆ خزمه‌تی خۆیی و بنه‌ماڵه‌که‌ی و حیزبه‌که‌ی سه‌رفی کردووه‌ و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش که‌ بۆ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی کوردستان ته‌رخان کراوه‌، کامیان زیاتره‌? بۆیه‌ ئه‌ڵیم به‌ڕێز سه‌رۆک بارزانی نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌ شانازیه‌وه‌ باسی ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ بکات که‌ کوردستان به‌خۆیه‌وه‌ بینیویه‌تی له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا که‌ به‌ڕێزیان سه‌رۆکایه‌تی کوردستانیان کردووه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها سێ یه‌کی پاره‌و سامانی کوردستان بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خاکه‌که‌ی ته‌رخان کرابووایه‌ ئێستا کوردستان له‌ قۆناغیکی زۆر زۆر پێشکه‌وتوو تردا ئه‌بوو وه‌ هه‌ر له‌ قۆناغه‌ ساوایه‌که‌یدا نه‌ ئه‌مایه‌وه‌ که‌ من پێی ئه‌ڵێم حکومه‌تێکی قه‌زه‌م نه‌ک ساوا. بۆیه‌ به‌ڕێز سه‌رۆک بارزانی، تۆ زۆر زۆر قه‌رزداری کوردستان و خه‌ڵکی کوردستانیت نه‌ک خه‌ڵکی کوردستان قه‌رزداری تۆبێت. ئه‌مه‌ بێوه‌فاییم نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌بات و هه‌وڵ و تێکۆشانی به‌ڕێزتان بۆ گه‌یاندنی کوردستان به‌م ڕۆژه‌، به‌ڵام دڵنیا کردنه‌وه‌ی به‌ڕێزتان و ئه‌وه‌ی که‌ له‌ دوای تۆش پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وه‌رئه‌گرێت له‌وه‌ی که‌ کوردستان خاوه‌نی سامان و پاره‌و موڵکێکی زۆره‌ که‌ ئه‌بێت له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا پێشکه‌وتنی زۆر زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت

به‌ڕاستی خاڵیکی زۆر گرنگتر هه‌یه‌ که‌ لیره‌دا پێویسته‌ باسی بکه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رۆک بارزانی جگه‌ له‌و سامان و ماڵ و موڵک و پاره‌ و پوله‌ی که‌ له‌ژێر ده‌ستیدا بووه‌، پشتگیریه‌کی ته‌واوی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی له‌گه‌ڵدا بووه‌. به‌واتایه‌کی تر، ئه‌و پێشکه‌وتن و ئارامیه‌یی که‌ کوردستان به‌خۆیه‌وه‌ی بینیوه‌ ته‌نها له‌سه‌رده‌ستی به‌ڕێز سه‌رۆک بارزانی و حیزبه‌که‌یه‌وه‌ به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌رۆک باسی ئه‌کات و خۆی لێ ئه‌کات به‌خاوه‌نی. هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و پارته‌سیاسیه‌کانی تریش هاوکاری ته‌واوی سه‌رۆک بوون و ڕۆڵێکی به‌رچاویان بینیوه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌دا بگره‌ زۆر جار له‌ مافی خۆیان خۆش بوون ته‌نها له‌ پێناو پاراستنی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌و باری ئاسایشی کوردستان. بۆیه‌ هه‌رکه‌سێکی تر له‌ جێگه‌ی سه‌رۆک بارزانی بووایه‌و ئه‌م هه‌موو هاریکاریه‌ ماددی و مه‌عنه‌ویه‌ی له‌ پشته‌وه‌ بووایه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوو تر ئه‌بوو زۆر زیاتری ئه‌کرد بۆ کوردو کوردستان

به‌ڕاستی نابێت چیتر کوردستان به‌راورد بکه‌ین به‌ ڕابردوو، به‌ڵکو ئه‌بێت سه‌یری وڵاتانی پێشکه‌وتوو بکه‌ین و سه‌یری خۆمان بکه‌ین و بڵێن،" ئه‌بێت قۆڵی لێ هه‌ڵماڵین و شتێک به‌ شتێک بکه‌ین," نه‌ک به‌س بڵێن، "کوره‌ باش نی یه‌ کوردستان له‌ ئارامی و ئاسایشێکی ڕێک و پێکدایه‌و ئیتر کاره‌با هه‌بێت یان نه‌بێت، ئیش بۆگه‌نجان و ده‌رچوانی زانکۆکان هه‌بێت یان نه‌بێت، ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و به‌ژداری کردن له‌ سیاسه‌ت به‌ ئازادانه‌ هه‌بێت یان نه‌بێت ئه‌مانه‌ گرنگ نین." نه‌خێر، پێویسته‌ له‌مه‌ودوا هه‌موو ئه‌مان له‌به‌رچاو بگرین و به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ین بۆ بنیادنان و پێشخستنی کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌رکی حکومه‌ت و سه‌رۆکی داهاتووی کوردستان(ئه‌گه‌ر به‌ڕێز بارزانی قبوڵی کرد و وازی له‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کوردستان هێنا) نی یه‌ به‌ڵکو ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یه‌ به‌ گه‌وره‌و بچوکه‌وه‌.

مه‌هدی مڕاد
سلێمانی


No comments:

Post a Comment